شاعیر: حافزی مەهابادی
کتێب: دیاری مەهاباد
سەرناو: ناسپاس نەبی لە ماوەی ژینت
لەبارەی شیعر: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ‌٦١.

ناسپاس نەبی لە ماوەی ژینت 
کەڵک وەردەگری لە دنیا و دینت

تۆ چۆنی بۆ من، منیش هەر وامە
دونیا دەستەواو یا دەستەوامە

بە ئیمڕو و سبەی، درۆ و تەفرەدان
قەولی هاوینم لێ مەخە زستان

بەدبەخت ئیشی نارێک و خوارە
مزگەوت دانێ، قیبلەکەی لارە

چون بەختی ڕەشە، ئێسکی گرانە
خوێنی کەکرەیە، دوانی ژانە

لە شانان قورسە، دێزە و دزێوە
دوعاش بۆ خەڵکی بکا، جنێوە

بەختەوەر چونکی بارەکەی بارە 
ناحەزیش بڵێ شیرین وتارە

هەرچی ئەو بیکا پەسەندی عامە
لە نیو کۆمەڵ‌دا بە ئیحتیڕامە

گەرچی حەق لە دڵ گرانە و سەختە
بدەن لە تەختە، حیزیش بە بەختە